سیاوەش دەیەوێت كەناری دەریاكانی ئیسپانی بێنێتە سەر خەرەند
یەک شەممە, 28 نیسان 2019 07:13


زاری كرمانجی – سۆران: هەر ئەوەندە بەسە دەست بداتە ئامێرەكەی و بۆ چەند ساتێك بیژەنێت، ئیتر تەواو هیچ مرۆڤێك نییە بتوانێت روحی خۆی رادەست نەكات، ئەو بە ئامێری گیتاری دەستییەوە، روح دەباتە ناو سروشت، ئاوێتەی دەنگی شەلالی شاخەكان و دەنگی باڵندە و  وەزینی با و لەڕینەوەی گەڵا دەكات، ئەو بە ژەنینی گیتارەكەیەوە دەتباتەوە بۆ لوتكەی مرۆڤ بوون رووتت دەكاتەوە لە هەرچی توندوتیژییە و لێوان لێوت دەكات لە جوانی، سیاوەش حوسێن محەمەد، لە دایكبووی ساڵی 1997، دەرچووی بەشی موزیكی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی رواندزە، ئێستا مامۆستای موزیكە لە قوتابخانەی نێودەوڵەتی سابیسی سۆران.
مامۆستا سیاوەش هەرچەندە لە هەموو بۆنەكان و زۆرجاریش لە دانیشتنی هاورێیانە بە گیتارەكەی دەستییەوە دەردەكەوێت و سحرئامێزانەی دەیژەنێت، بەڵام دەست و چەنجە لەگەڵ ئامێری عود و پیانۆ و زۆربەی ئامێرە ژێدارییەكانی دیكەش نەرم دەكات.
یەكەم وشە كە دەری بڕی گووتی " من كوڕی مۆسیقام" حەپەسام و ئەویش بەردەوام بوو، وەك ئەوەی گیتارەكەی روحی لەبەر بێت و گوێی لە قسەكانی سیاوەش بێت، قسەی دەكرد، گووتی" مۆسیقا تەنها جولەی دەست و ژەنینی چەند تەل و ئامێرێك نییە، مۆسیقا واتە تێكەڵ بوونی روح لەگەڵ ئامێرێك تا روحی بەبەر بێنی، بۆ ئەوەی ئەو ئاوازە بژەنێت كە روح دەیەوێت و مێشك ئاسوودە دەكات".
ئەو باسی خۆشەویستی نێوان خۆی و مۆسیقای بۆ كردم و گووتی " دەمەوێت باسی خۆشەویستی نێوان خۆم و مۆسیقات بۆ بدركێنم، هەر لە ڕۆژانی زوو سەرەتای ئاشنا بوونم بە میهرەبانی (مێینە)، هەر لە خۆڕا حەزم دەكرد لە ئیسپانیا بم، سەیری لەرینەوە و لەنگانەوەی ژن و كچە قەرەجەكان بكەم، كاتێ لەگەڵ ژەنینی گیتار دەبنەوە بەخۆیان و دەگەنە لوتكەی مرۆڤ بوون، ئەوان ئەوەندە بە قوڵی تێكەڵ بە دەنگی گیتار دەبوون كە دەچوونە دونیایەك لە جۆری تەسەوف و حاریان دەگرت، خۆزگەم دەخواست منیش وەك ئەوان روح بەبەر گیتار بهێنم و حار بگرم و بكەومە سەمای فەرامۆشكردنی ژیان".
سیاوەش بە لە ئامێز گرتنی گیتارەكەی وەك مەعشوقەكەی بەردەوامی بە قسەكانیدا و گووتی " حەزم دەكرد هەر لە خۆڕا لە شەقامەكانی پاریس ژیان لە چاوی گیتارژەنە گەڕۆكەكان ببینم، تا بزانم پارەی ناو كڵاوەكەیان زیاترە یا چێژی بینینی ئەو ماچەی دوو عاشق بە بۆنەی ئاوازەكانی ئەو زیاتر عاشقی یەكتر ئەبن".
هەر لە خۆمە كەوتمە گومان كە بەڕاستی شاری سۆران ئەو جۆرە هونەرمەندەی تێدایە كە ئەو جۆرە لە رۆئیا و دونیا بینەی هەبێت، وردە وردە بە قسەكانی دڵخۆشی دەكردم بە هەبوونی، لە بارەی خۆیەوە گووتی" لە دوازدە ساڵییەوە هەوای فڕین بە دەم گوێ گرتن لە ئاوازەكانی مامۆستا ڕزگار سەبری زێدە ئازیز، كەوتە سەرم و وام هەست دەكرد ئەگەر عەشق نەبێت موزیكیش نابێت، چونكە موزیك بێ عشق نابێت و مانای نییە، بەڵام لە ڕاستیدا من عاشقی مۆسیقا بووم، چونكە هەرگیز سحری مەزنایەتی موزیك بەتاڵ نابێتەوە، عاشقیش نابێ بگاتە ئاستی بەتاڵ كردنی سحری مەعشوقی، تەمەنێك لەگەڵ دۆست و هەڤاڵان خەمەكانمان لەگەڵ ئاوازی گیتارێك هەڵ دەكێشا، بەڵام نەكەوتم و بەردەوام بووم، تا بنارەكانی بڵندایی مۆسیقا ڕۆشتم و هەڵفڕیم و لەسەر درەختێكی حەوشەی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی رواندز نیشتمەوە، لەوێوە جارێكی دیكە گیتارەكەم گرتەوە دەست و هەرچی ئاوازی جوان هەیە لەگەڵ ژن و مۆسیقا ژەنیمەوە، بەو خەیاڵەی جارێكی تر عاشق ببمەوە".
ئەو كاتێ قسەی بۆ دەكردم بەجستە لای من و هەست و روحی لە شوێنێكی دیكە بوو، ئەو بە تەواوەتی ببووە سیاوەش، ئەو بەردەوام بوو لە قسەكردن و گووتی" خەریكە پێكەنین دەمگرێت، داخ بۆ ڕۆژانی هەرزەكاری هەڵ دەكێشم، داخ بۆ شەوانی بێداری گیتارەكەم هەڵ دەكێشم، خۆشم دەویست، گۆڕانیم دەگوت، پایپم دەكێشا و جگەرە چێژێكی تری هەبوو، لەگەڵ خۆشویستنی كچێكی دژە مۆسیقا دژە هەست".
لێرەوە بەدەم هەناسەیەكی قوڵ لە ناخێكی عاشقانەوە گووتی" من بەخۆم گەیشتم و دەمتوانی بەویش بگەم، بەڵام نەیهێشت عشقەكەمان پڕ بێت لە سۆز و میهرەبانی موزیك، دڵتەنگم، زۆریش شادم و توانیم كەنار دەریاكانی ئیسپانی بێنمەوە سەر خەرەندەكەی ڕواندزم، موزیكی ئیسپانی و بەستەی كوردەواریم پێكەوە دەچڕی، هەر بۆیە دەتوانم بڵێم من كوردم و ئیسپانیشم، هێشتا عاشقم و باوكم هەمیشە پێم دەڵێت تۆ موزیك ژەنیت و دەتوانیت ژنێك بخەیتە مەستی".
ئەو بە جولەیەكی سەیری روخسار و جەستەیەوە دوا وشەكانی دەربڕی و گوتی" خەریكە پێكەنین دەمگرێت من بەم هەموو فرمێسكەی سەرگۆنامەوە وشەیەكم لە دەمی مەعشوقەكەمەوە نەبیستم، دڵشادم هەندێك جار غەمگین، ئەوە كورتەیەكە لە ژیانی پەیوەندی من لەگەڵ مۆسیقا".