Share on facebook
باشترین چارەسەر بۆ رۆژئاوا ئەوەیە ناوچەیەكی ئارام دروست بكرێت
چوار شەممە, 01 ئایار 2019 14:48


دیدار- ڕائیب شێروانی
هەوڵی چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان دەدرێت. نوری بریمۆ، ئەندامی سەكردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ، بە بڕوای من پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان هاوپەیمانی لەگەڵ كەس ناكات، چونكە پەیەدە سوپایەكە لە دەستی رژێمی سووریادا، بۆیە باوەڕناكەم شتێك لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی بكات، بەڵكو یاری بە كات دەكات.
فەرەنسا دەستپێشخەرییەك دەكات، بۆ ئەوەی لایەنەكانی كوردی رۆژئاوای كوردستان، ئەنەكەسە و پەیەدە لێك نزیك بكات و خۆی ناوبژیوانییان بكات.
پڕۆژەیەكی تێروتەسەل لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان ئامادە كراوە و بڕیارە ئەم پرۆژەیە بدرێتە دەست هێز و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، كە پڕۆژەكە بەناو خەڵكی سڤیل و كەمپەكانیشدا دابەش دەكرێت و ناوەڕۆكەكەشی سەرجەم ئەو خاڵانەی تێدایە كە چارەسەری دۆخی رۆژئاوای كوردستان دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا سێ پێشنیازی نوێ بۆ دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان دەخرێتە ڕوو، كە یەكێكیان دروستكردنی ئەنجوومەنێكی مەدەنییە بۆ ئاشتەوایی ناوخۆ لەگەڵ دروستكردنی زەمینەی دیالۆگ لە نێوان هێزە سیاسییەكاندا، دووەمیش بریتییە لە ناردنی شاندێك بۆ ڕۆژئاوای كوردستان تا لەگەڵ هێزە سیاسییەكان گفتوگۆ بكەن، سێیەمیش دیالۆگێكی نیشتمانی ئەنجام بدرێت و لەوێ گرفتەكان باس بكرێن.
ئەو ئەندامەی سەكردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا گوتی:" فەرەنسا بۆ چارەسەری ڕەوشی سووریا ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا و پەیەدە لێك نزیك دەكاتەوە، فەرەنسا پێشنیازی كرد ئیدارەیەكی هاوبەش لە رۆژهەڵاتی فورات هەبێت، هەر دوو لایەن ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، ئیمەش بە ئەرێنی تەماشای ئەم هەنگاو و دەستپێشخەرییە دەكەین، بەڵام نازانین قۆناغی پراكتیكی دەستپێشخەرییەكە چۆن دەبێت، بەڵام بە بڕوای من پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان هاوپەیمانی لەگەڵ كەسێك ناكات، چونكە پەیەدە سوپایەكە لە دەستی رژێمی سووریادا، بۆیە باوەڕناكەم شتێك لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی بكات، بەڵكو پەیەدە یاری بە كات دەكات.
نوری بریمۆ، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" سێ سیناریۆ بۆ رەوشی رۆژئاوا هەنە، یەكەم ئێران و سووریا و پەیەدە دەیانەوێت هەر حوكم بكەن و بمێنن، ئەمریكاش بەوە ڕازی نیە، سیناریۆی دووەم توركیا بۆردومانی ناوچەكە بكات و دەست بەسەر ناوچەكەدا بگرێت، ئەوەش خەڵكەكە قەبووڵ ناكات، سیناریۆی سێیەم كە سیناریۆیەكی باشە ناوچەیەكی ئارام لە رۆژئاوا دروست بكرێت، كە ئەوە پرۆژەی ئەمریكایە، ئەگەرێكی زۆرە ئەو پرۆژەیە سەر بگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش وڵاتانی ناوچەكە ئامادە نین ئەو پرۆژەی ئەمریكا سەر بگرێت، ئەوەش وا دەكات كە شەڕێكی گەورە لە سووریا رووبدات كە شەڕی مان و نەمان دەبێت، هیوادارین پەیەدە لەو میحوەرەی كە خۆی پێوە گرێدراوە دەربكەوێت، چونكە ئەو میحوەرە دژی ئەوەیە كە ناو ماڵی كوردی یەك بێت و هەروەها رێگە نادەن رەوشی رۆژئاوا چارەسەر ببێت، بۆیە پێموایە چارەسەری سیاسی لە سووریا نابێت و شەڕێكی گەورە روودەدات.
نوری بریمۆ، ئەندامی سەكردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا ئاشكراشی كرد:" حاكم و مەحكووم هەر بەردەوامە پەیەدە حاكمە، خەڵكی دیكە مەحكومە، ئەو یارییە هەر بەردەوامە، پەیەدە بەردەوام خەڵكی ئێمە زیندانی دەكات، جاری واش هەبووە ئازاد دەكات، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی رەوشی رۆژئاوا زۆر خراپە و خراپتریش دەبێت".