د. ڕێباز باڵەك: نەبوونی سەنتەرێكی دەروونی لە سۆران گرفتی بۆ تووشبووانی ئەم نەخۆشیە دروست كردووە
یەک شەممە, 05 ئایار 2019 18:24

لەدیمانیەكی زاری كرمانجیدا پزیشكی پلەبەند ڕێباز باڵەك دەرچووی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی هەولێری پزیشكی و شارەزا لە بواری نەخۆشیەكانی هەنا و دڵ و نەخۆشیەكانی منداڵان و ئافرەتان كە ئێستا لە بنكەی تەندروستی هەرێم لە سۆران كاردەكات،تیشك دەخاتە سەر كەسی نەخۆش و چۆنیەتی بەكارهێنانی داو دەرمان و چۆنیەتی سەردانكردنی بۆ نەخۆشخانەو نۆرینگەكان .
دیمانە- عەبدوڵڵا ماویلی - سۆران

ئایا لە زانستی پزیشكیدا چۆن پێناسەی كەسی نەخۆش دەكرێت ؟


لە زانستی پزیشكیدا تەندروستی پێناسەیەكی تایبەت بەخۆی هەیە, ئەویش بریتیە لە حاڵەتێكی تەواوی ڕێكاریی جەستەیی و دەرونی و كۆمەڵایەتی كەسەكە, ئەمە پێ دەگوترێت نەخۆشی, خودی نەخۆش كەسێكە كەوا گرفتاری هەریەكە لەم ناڕێكیانە دەبێت, واتە لادانە لە حاڵەتێكی تەواوی تەندروستی ئەمەش پێدەگوترێت نەخۆشی,ئەم نەخۆشیەش دەكرێت پەیوەندی هەبێت بە خودی نەخۆشی كەسەكە, لەگەڵ ئەوەشدا بەپێ جۆری نەخۆشیەكە دەگۆرَیت دەكرێت, لە هەمان كاتدا دەكرێت نەخۆشیەكەی ئەو كەسە پەیوەندی هەبێت, بەو لایەنە ژینگەیەی كە كەسەكەی تێدادەژیت, واتە هەندێك جۆری نەخۆشی هەیە لە ڕێگەی دەوربەری بۆ دەگوازرێتەوە, بەشێكیان لە خودی كەسەكە سەر هەڵدەدات, وەكو نەخۆشیە درمەكان و ئەو نەخۆشیانەی كە دەبنە هۆی دروست بوونی گرێ ) ئەم جۆرە نیشانەش ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر خودی كەسەكە دروست دەكات و بەدیار دەكەوێت.


كەسی نەخۆش لەكاتی هەستكردنی بە نیشانەكانی نەخۆشكەوتنی پێویستە چی بكات ؟


گرنگترین خاڵی سەرەكی هەبوونی وشیاری تەندروستی خودی كەسەكەیە, دەربارەی جۆری نەخۆشیەكان بەگشتی, هەروەها هەندێك حاڵەت و جۆری نەخۆشیی هەیە پەیوەستە بە خێزانێكی دیاری كراو, چونكە هەندێك جۆری نەخۆشیە هەیە لە ناو خودی خێزانەكاندا بەربڵاوە, واتە ئەم جۆرە نەخۆشیە پێشینەیەكی مێژووی هەیە, ئەمانە پێویستیان بە (سكرنینگ) هەیە وات خودی نەخۆشەكە بەر لەوەی تووش بوونی بە نەخۆشیەكە, پێویستە كەسە چاودێرێكی وردی خۆی بكات و سەردانی پزیشك بكات, یاخود هەندێك نیشانەی تایبەتمەند هەیە لە خودی ئەو خێزانەی كەدووچاری ئەم جۆرە نەخۆشیە بوونەتەوە, دەكرێت لەناو تاكەكانی ئەو خێزانەكەدا بەر لەوەی كەسێكی تر تووشی ئەم جۆرە نەخۆشیە ببێتەوە یاخود نیشانەكانی ئەم جۆرە نەخۆشیەی لێ  سەر هەڵبدات , وا باشە ئەو كەسە زوو هەستی پێبكات و زوو زوو پشكنینەكانی خۆی بكات و ئاگاداری تەندروستی خۆی بێت, چونكە هەندێك جۆری نەخۆشی لە خێزانەكاندا هەنە دەگوازرێنەوە, وەكو نەخۆشیە درمەكان و نەخۆشیە گرێیەكانی هەناو زۆر جار مەترسی گرێ شێرپەنجەشی لێدەكرێت, لەو كاتەدا پێویستە لەسەر ئەو كەسانە پشكنینی پێبینی هەناو یاخود نازووڕی هەناوی بۆبكرێت, چەند ساڵ جارێك , تاوەكو كەسەكە دڵنیابێت لە جۆری گرێیەكەی, هەروەها هەندێك پشكنینی تر هەیە لە ڕێگەی خوێن و پیسایی دەكرێت, ئەمەش زۆر گرنگن بۆ ڕێگە گرتن و زوو دەستنیشانكردنی جۆری نەخۆشیەكە و دڵنیابوونی كەسەكە لە هەبوون و نەبوونی ئەو جۆرە نەخۆشیەكە.


نەخۆشیەكان چۆن لەیەكتر جیادەكرێنەوە؟


لە ڕاسیدا پرسیارەكەت زۆر گرنگ و لە جێگەی خۆیەتی دەتوانم بڵێم تاكە ڕۆژنامەیە لە سۆران دركی بەم بابەتە كردووە, یەكەمین جارە لەڕاگەیاندا باسی لێوەدەكرێت, ئێمە وەكو پزشكانی سۆران دەستخۆشیتان لێدەكەین  كە ئامانجتان بڵاوكردنەوەی وشیاری تەندروستی بۆ هاوڵاتیان , ئەم پرسیارە بەلای ئێمەی پزشكان و بەلای نەخۆشیش زۆر گرنگە بیزانێت, ئەوەی لێرەدا دەمەوێت ئاماژەی پێبكەم پێویستە جیكاری بكرێت , لە نێوان خودی نەخۆشەكان,  پێویستە پزیشك و نەخۆش هەردووكیان ئەو وشیاریەیان هەبێت لە سەر جیاركردنەوەی جۆری نەخۆشیەكە, بەشێوەیەكی گشتی وەكو نەخۆشی چەند جۆرە نەخۆشیكمان هەیە, وەكوجیاكاری گشتی ( نەخۆشی كۆڵدەكان وەكوساچوون و ڕشانەوەیەكی كەم یان و ڤایرۆسی وەرزی یاخود هەبوونە ئازارێكی كەم لە قوڕگ و سەر و سك و یانیش بەرزی و نزمی فشاری خوێن بە ڕێژەیەكی كەم  تا دوایی ) ئەو جۆرە حالەتانەی كاریگەێكی زۆر ختەریان نیە لە سەر تەندروستی كەسەكە, یان ئەوانەی كەوا پێویستیان بە چاودێری و ڕێنمایی پزیشكی هەیە, وەكو ئافرەتانی دووگیان ئەوا لەسەر ئەو جۆرە كەسانە پێویستە لەو حالەتانەدا سەردانی نزیكترین بنكەی تەندروستی بكەن, بەڵام ئەگەر هاتوو كەسەكە دووچاری ئەم جۆرە حالەتانە هات وەكو ڕووداوی هاتووچۆ و لێدان و بەركەوتن و تەنگە نەفسێكی زۆر و ئازارێكی توندی سنگ و لە كاركەوتنی بەشێك لە ئەندامانی جەستە و سوتان و دروستبوونی گەشكە لە منداڵاندا لەم حالەتانەدا پێویستە نەخۆش ئەم وشیاریەی هەبێت, ڕاستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانەی فریاكەوتن بكات, لە سۆرانیش وەكو بەشی فریاكەوتن لە نەخۆشخانەی ئاشتی هەمانە, بەڵام ئەگەر حالەتەكە ئافرەتێكی دووگیان بوو یاخود منداڵێك دووچاری گەشكە و نەخۆشیەكانی تری منداڵان هات , جگە لە زامداربوون ئەوا پێویستە سەردانە نەخۆشخانەی لە دایك بوون و منداڵانی سۆران بكەن, لێرەدا لەسەر  پزیشكی پلەبەند دەوەستێت , ئایا ئەو پزیشكە تاچەند دەتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت لەو بنكە تەندروستیەی كاری تێدادەكات, بەپێ جۆری نەخۆشیەكەش دەگۆڕدرێت ئەگەر هاتوو كەسەكە نەخۆشی درێژخایەنی هەبوو, وەكو نەخۆشیەكانی دڵ و شەكرە و فشاری خوێن ئەوا پێویستەكات نەخۆشەكە ئیحالە بكرێت بۆ بەشی ڕاوێژكاریەكانی نەخۆشخانە لەوێ چارەسەری تەواوی بۆبكرێت.


ئایا بۆ زۆر جار كە نەخۆش سەردانی بنكە تەندروستیەكان دەكات داوای ئیحالە دەكات بۆ نەخۆشخانەكان؟


زۆر ڕاستە زۆر جار كە نەخۆش دێت سەردانی بنەكە تەندروستیەكان دەكات تەنها بۆ ئیحالەدێت, كەچی ڕەنگە پێویستیش نەكات سەردانی ڕاوێژكاریەكان بكات, هەر لەو بنكەیە چارەسەری بۆ بكرێت, زۆربەی نەخۆشەكان كە ئیحالە دەكرێن, زیاتر لەسەر داواكاری خۆیان دەچنە ڕاوێژكاریەكان, نەخۆشی وا هەیە بێ ئەوەی بە پزیشك بڵێت من ئەو جۆرە نەخۆشیەم هەیە, ڕاستەوخۆ داوای ئیحالە دەكات, ئەمەش قەڵەبارغێكی زۆر و لۆدێكی زیاتر دەخاتە سەر نەخۆشخانەكە, ئەتوانم بڵێم هەندێك جاریش نەخۆش بەهۆی كەمی ڕێژەی دەرمان و جۆری كوالێتی دەرمانەكە و نەبوونی تەواوی پێداویستی پزیشكی ناتوانێت لە بنكەكان چارەسەری تەواوی بۆ جۆری نەخۆشیەكەی بكرێت, ئەمەش وایكردووە نەخۆش جۆرێك لە بێمتمانەی لادروست بێت بە بنكە تەندروستیەكان.


مامەڵەی نەخۆش لەگەڵ پزیشك چۆن دەبینی ؟


ئەم بابەتە پەیوەندی هەیە بە هەردوولاوە واتە چۆنیەتی مامەڵەی پزیشك و نەخۆش لەگەڵ یەكتری, ئەمەش دەگرێتەوە بۆ هونەر و ئەتەكێتی خودی پزیشكەكە, لەسەر نەخۆشیش پێویستە ڕۆشنبیرانە گفتوگۆ لەگەڵ پزیشكەكە بكات, واتە بەشێوەیەكی تەندروست مامەڵە لەگەڵ یەكتربكەن, نەخۆش دەبێت ئەوە بزانێت نەخۆشخانەكان دامەزراوەی گشتین, ئەبێت بە هی خۆی بزانێت ڕێز لە پزیشك و كارمەندانی تەندروستی بگرێت, لەهەمان كاتیشدا لەسەر پزیشكانیش پێویستە ڕەچاوی بارودۆخی دەررونی و كۆمەڵایەتی و ئابووری نەخۆشەكان بكەن, نابێت پزیشكیش وەك ئەو بیربكاتەوە پیشەكەی خۆی لە بیربكات, چونكە لە یاسا و رَێسایی زانستی پزیشیدا هاتووە پێویستە پزیشك مافی نەخۆش پێشێل نەكات و نهێنیەكانی نەخۆش بە هیچ شێوەیەك ئاشكرانەكات, چونكە پەپێ یاسا ئەو پزیشكەی نهێنی نەخۆش یاخود مافی نەخۆش پێشێلدەكات  لەبەرامبەردا ئەو پزیشكە سزادەدرێت, بەپێ یاسا هەركەسێك كە لەم نیشتیمانە دەژێت جا چ پزشك بێت, یاخود نەخۆش هەمووان مافێكی بنەڕەتی خۆیانە كۆمەڵێك یاسا وڕێساهەبێت بۆ پارێزگاریكردن لە ئەرك و مافەكانیان, لە هەمان كاتیشدا پێویستە سەندیكای پزیشكانیش ئاگاداری كێشەو گرفتەكانی پزیشكان بێت, دواكۆكی لە ماف و داخوازیەكانی پزیشكان بكات, بە شێوەیەكی گشتی دەتوانم بڵێم كەمترخەم نبوونە لەلایەن سەندیكاوە, بەڵام پێویستە ئەوان زیاتر ڕۆڵی خۆیان بگێڕن بەپێ یاسا پارێزگاری لە مافی پزیشكان بكەن, ئێمە وەكو پزیشك پارێزەری تایبەت بەخۆمان هەیە لە سەندیكای پزیشكان ئەگەر هاتوو ڕووبەڕوی كێشیەكی یاسایی بووینەوە,


زۆرجار دەڵێن پزیشكان لە نۆرینگەكانیان زیاتر گرنگی بەنەخۆش دەدەن بۆچی ؟


بەڕای من بەپێ پزیشكەكە دەگۆڕێت , ئەگەر وابێت ئەمە پێچەوانەی پیشەی پزیشكیە نابێت وابێت , دەبێت پزیشك لە نەخۆشخانەو لە نۆرینگەكەی خۆی هەر وەكو یەك مامەڵە لەگەڵ نەخۆش بكات, دەبێت لە بیر خۆی لە نەچێت و خۆی نەگۆڕێت بۆ پارە و شتی تر, چونكە كەسایەتی و شەخسیاتی مرۆڤەكان نەدە كردرێت و نەدەفرۆشرێت بە هەرناوێك بێت, بەر لەوەی تۆ پزیشك بیت, دەبێت مرۆڤانە بە ویژدانەوە بڕیاربدەی , بەڕای بە گشتی پزیشكان وانین, ڕێژەیەكی كەمیان بەم شێوەیە بیردەكەنەوە, زۆر جار لێرە و لەوێ  
گوێبیست دەبین, هاوەڵی نەخۆشیش كێشە بۆ پزیشكان و كارمەندانی نەخۆشخانە دروست دەكەن, ئەمەش وا دەكات سیقە و متمانە لە نێوان نەخۆش و پزیشك كەمتر بێتەوە, لەو حالەتەدا پزیشك و نەخۆش بە چاوێكی ڕق و كینە سەیری یەكتر دەكەن, زۆر گرنگە پزیشك ڕووخۆش و دەم بە پێنین بێت, لە نەخۆشخانە و نۆرینگەكەی  خۆی وەكو یەك مامەڵەبكات و گرنگی بە نەخۆش بدات , تاوەكو نەخۆشەكەش بڕواو متنانەی بە پزیشك و دەرمانەكانی هەبێت, چونكە دەبێت ئێمەی پزیشكانیش ئەوە بزانین پیشەی پزیشكی پیشەیەكی ئەخلاقی و ئینسانیە, پێویستە پێوەپابەندبین و بنەماكانی كاری پزیشكی بە تەواوی  جێ بەجێ بكەین.


هەبوونی پزیشك و سەنتەرێكی دەرونی بۆ نەخۆشانی دەروونی لە سۆران تاچەند بە گرنگ دەزانن؟


زۆریش بە گرنگ دەزانم, چونكە سنووری سۆران زۆر بەر فراوان بووە, لەگەڵ ئەوەشدا تادێت  ڕێژەی نەخۆشانی دەرونیش ڕووی لە زیادبوونە, هەبوونی پزیشكێكی دەرونی لە نەخۆشخانەی ئاشتی نابێتە جێگرەوەیەك بۆ هەبوونی كلینیكێكی تابیەتمەند بەچارەسەركردنێكی تەواو,  بەڵام بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانەو شوێنێكی تایبەت بە جۆرە نەخۆشانە ناتوانین ئامارێكی تەواو بخینەڕوو , تابزانین لە سۆران چەند كەس تووشی نەخۆشی دەروونی بووە, لە هەموو جیهان و كوردستانیش باوە نەخۆشی دەرونی هەیە و تا ڕادەیەكی باشیش چارەسەركراون بوونتەوە كەسی ئاسایی , هەندێك نەخۆشی هەنە دەبنە هۆی نەخۆشی دەرونی, لەوانە نەخۆشیەكانی غودە و غودەی دەرەقی  كێشەی خێزانی و ژینگەی دەوروبەر و باری ئابووری و تەكنەلۆژیا و كەم خەوی و خواردنی ناتەندروست, ئەمانە هۆكارن بۆ زیاد بوونی نەخۆشی دەرونی,  بۆیە  پێویستە ئەم جۆرە نەخۆشیە بە نەخۆشێكی ئاسایی وەربگرێت و بە شێوەیەكی تەندروست لە كۆمەڵگە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە كەسانەدابكرێت  كەدووچاری ئەم نەخۆشیە هاتوون, چونكە لە زانستی پزیشكیدا نەخۆشی دەرونی واپێناسە دەكرێت گۆڕانكارێكی بایلۆجی ئەقڵیە, بە گەڕانەوە باردۆخی ئەقڵی و دەرونی كەسەكە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی , دەبێت هەر وەكو كەسێكی ئاسایی لەكۆمەڵگادا لە هەموو حالەتێدا ڕێزی لێبگرێت.


لە زانستی پزیشكیدا هاتوو نەخۆش بەبێ سەردانی پزیشك و پشكنین هەر لە خۆیەوە دەرمان و چارەسەر وەربگرێت؟


نەخر لە زانستی پزیشكیدا ئەمە هەڵەیەكی كوشندەیە و جێگەی نابێتەوە, هیچ ڕێكارێكی تەندروستی پزیشكی نیە, نەخۆش هەر لە خۆیەوە دەرمان بەكاربێنێت, پێویستە هەر  كەسێك هەستی كرد باری تەندروستی ناجیگرە, دەبێت سەردانی پزشك بكات , بۆ دڵنیابوون لە جۆری نەخۆشیەكەی, زۆرن ئەو نەخۆشانەی لەخۆوە دەرمان بەكاردێنن نەك هەرسوودی لێ نابین, بەڵكو ئەو دەرمان و چارەسەریانە دەبێتە هۆی زیاتر تەشەنەكردنی نەخۆشیەكەی و هەروەها تێچوونی لایەنی بایلۆجی كەسەكە, یاخود دەكرێت زۆرجار هەڵگرتنی دەرمانەكە لە ماڵەوە, بە شێوەیەكی ناتەدروست ببێتە هۆی دروست بوونی نەخۆشی تر ئەمەش لە ئەنجامی بە هەڵە بەكارهێنانی ئەو جۆرە دەرمانەیە.
لەكۆتایدا ئامۆژگاری و ڕێنمایی من ئەوەیە قسەیەكی كوردەواری هەیە دەڵێن بۆ هەموو كەسێك بەر لە نەخۆش كەوتنی خۆپاراستن باشترە لە چارەسەركردن, ئەمە لە زانستی پزیشكیش هەر ڕاستە ئێمە بەر لەوەی نەخۆش بكەوین, پێویستە پارێزگاری لە تەندروستی خۆمان بكەین, هەبوونی ڕێكارێكی تەندروست بۆ ژیانێكی تەندروست زۆر گرنگە, ئەمەش لە ئەنجامی خواردن و خەوێكی تەندروست و ژینگەیەكی تەندروست  و وەرزشێكی تەندروست دەرونێكی تەندروست دێتە بەرهەم, لەگەڵ ئەوەشدا هەر كاتێك ماكی نەخۆشی یاخود نیشانەیەكی نەخۆشیمان لێ بەدەركەوت, پێویستە سەردانی پزیشك بكەین تا زیاتر دڵنیابین لە تەندروستی خۆمان لە كۆتایدا دەستخۆشی لە هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەكەم كە ئامانجتان زیاتر گرنگی بە وشیاركردنەوەی تەندروستی هاوڵاتیان بدەن. بەهیوای تەندروستێكی باش بۆ هەموو لایەك.