Share on facebook
ئاری هەرسین: خەڵك لە سلێمانی ئەو شتەی دەوێت كە لە هەولێر و دهۆك هەیە
سێ شەممە, 07 ئایار 2019 23:10


چاوپێكەوتن –ڕائیب شێروانی
ئاری هەرسین، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ، خەڵك دەنگی داوە بۆ ئەوەی نوێ بوونەوە لە حكوومەتدا بكرێت، بەڵام كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی پێكهێنانی حكوومەتی دواخستووە، خەڵكێك هەیە دوو ئیدارەیی وەكو هەڕەشە بەكاردەهێنێت، بەڵام مانەوەی هەرێمی كوردستان وەكو یەك پارچە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و دراوسێكاندایە. دەشڵێ، ئەو رەوشەی كە لە سلێمانی هاتۆتە پێشەوە پەیوەندی بە دوو شتەوە هەیە، یەكەم كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی، دووەم ئەو كێبڕكێیەی كە لە نێوان گۆڕان و یەكێتی دا هەیە.
ئاری، دیاركرد:" هۆكاری سەرەكی پێكنەهاتنی كابینەی نوێ تا ئێستا یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، كە تا ئێستا لەناوخۆ خۆی ساغ نەكردۆتەوە، بۆیە هۆكارەكە تەنیا ئەوەیە و هیچی دیكە نیە، پێویستە هەرچی زووە حكوومەت تەشكیل بكرێت، بەڵام لە زۆر وڵاتی دنیا وەكو هۆڵەندا، سوێد كە وڵاتی زۆر پێشكەوتوون، جاری وا هەبووە ساڵێك بەسەر هەڵبژاردن تێپەڕیوە و حكوومەت پێكنەهاتووە و كێشەش دروست نەبووە، لە وڵاتی ئێمەش لە راستیدا ئەگەر خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان وەكو كارەبا، ئاو، پەروەردە و رێگاوبان، باش بڕوات و پێشكەش بە خەڵك بكرێن، دواكەوتنی تەشكیلكردنی حكوومەت هیچ زەرەرێكی وا لە كۆمەڵگە نادات، هەر وەكو ئێستا كە هەست پێ ناكەین ئێمە لە قۆناغی تێپەڕاندنداین، پرۆژەكان وەكو پێویست هەن و رۆژانە خزمەتی خەڵك دەكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش خەڵك دەنگی داوە بۆ ئەوەی نوێ بوونەوە لە حكوومەتدا بكرێت، كابینەیەك بڕوات، كابینەیەكی دیكە بێت ئەوە ڕاستە، چونكە هیچ هاووڵاتیەك ئارەزووی ئەوە ناكات كە حكوومەت دوا بكەوێت.
ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:" دوو جۆر خەڵك هەیە، ئەوانەی باسی دوو ئیدارەیی دەكەن، لەبەر ئەوەیە كە دوو ئیدارەیی خزمەت بە خەڵكی كوردستان دەكات، خەڵكێكیش هەیە وەكو هەڕەشە بەكاردەهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئێستا تۆزێك دوو ئیدارەیی هەیە، ئەوەی كە دەڵێ نیە ڕاست ناكات، بەڵام دوو ئیدارەیی شتێك نیە كە تەنیا بە دەست خۆمانەوە بێت، بابەتێكی هەرێمایەتیە، بۆیە ئەوە شتێكی وا ئاسان نیە كە هەندێك كەس لە خۆیەوە هەڕەشە دەكەن و دەبێت بە دوو ئیدارەیی.
ئاری هەرسین، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ئاشكراشی كرد:" مانەوەی هەرێمی كوردستان وەكو یەك پارچە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە، لە بەرژەوەندی دراوسێكانە، چونكە ئەو كاتە هەرێمی كوردستان هەرێمێكی ئارام و موستەقر دەبێت، هیچ كێشەیەكی گەورە نابێت، ئەگەر وا نەبێت هەم خۆمان زەرەر دەكەین، هەمیش دراوسێكانمان.
ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی كوردستان باسی لەوەشكرد:" پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا زۆر باشن، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە پەیوەندییەكان رۆژ بۆ رۆژ بەرەو باشتر دەچن، ئەو پەیوەندییانە بەردەوام دەبن، نێچیرڤان بارزانی ئەو كەسەیە كە بەڕاستی زۆر ماندوو بوو، بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی بۆ ئێمە دروست بوون، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئەوانە چارەسەر بكات، بە هاوكاری سەرۆك بارزانی واتە بە یەكەوە ئەو كێشانەیان چارە كرد، ئێستاش كە مەسروور بارزانی دێت و كابینەی نوێ وەردەگرێت، بە تەئكید بەردەوامی بەو پەیوەندییانە دەدات، چونكە تا نێوانمان لەگەڵ بەغدا باش بێت، كێشەمان كەمتر دەبێت و ئیش و كارەكانی خۆمان باشتر دەبەین بەڕێوە.
هەرسین، زیاتر دەڵێ:" دوو رێگا هەن بۆ چارەكردنی ناوچە كێشە لەسەرەكان، یەكەم بە چەك، دووەم بە گفتوگۆ، بابەتی چەك هەر دوولا زەرەر دەكەین، لەبەر ئەوە یەك رێگا هەیە ئەویش ئەوەیە بە گفتوگۆ و لێك تێگەیشتن كێشەی ئەو ناوچانە چارەسەر بكرێت.
ئاری هەرسین، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان جەختی لەوەشكردەوە:" ئەو رەوشەی كە لە سلێمانی هاتۆتە پێشەوە پەیوەندی بە دوو شتەوە هەیە، یەكەم كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دووەم ئەو كێبڕكێیەی كە لە نێوان گۆڕان و یەكێتی هەیە، هەر دووكیان بە مافی خۆیان دەزانن كە بەشدار بن لە حوكمڕانی و بەشە برا بن لە بەرێوەبردندا، ئێستاش كە هەندێك بابەتی دیكە هاتۆتە پێشەوە هەندێك رێكخراوی دیكە كە تازە دروست بوونە، ئەو كێشانەی كە هەن بەرای من بە دەرەجە یەك ئەوە ئەركی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، ئینجا بزووتنەوەی گۆڕان، كە ئەوانە چارە بكەن، خەڵك لە سلێمانی ئەو شتەی دەوێت كە لە هەولێر و دهۆك هەیە، خەڵك خزمەتگوزاری باشی دەوێت، ئەمنیەت هەبێت، یاسا سەروەر بێت، ئەوەی گەندەڵە سزا بدرێت، حاكم و داواكاری گشتی بە رۆڵی خۆیان هەستن، خەڵكی سلێمانی ئەوانەی دەوێت، ئەوانە رەنگە لە هەموو شوێنەكانی دیكەش نەبن، بەڵام ئەگەر بەراوردی سلێمانی لەگەڵ هەولێر و دهۆك بكەین، سلێمانی مەغدوورە، بۆیە دەبێت لایەنەكان ئەو داوانەی كە خەڵك هەیە بۆیان جێبەجێ بكەن".