Share on facebook
رێناس جانۆ: هەندێك لە كوتلە كوردییەكان كار بۆ تێكدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكەن
سێ شەممە, 07 ئایار 2019 23:15


دیدار –ڕائیب شێروانی
رێناس جانۆ، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" هەندێك لایەن لە بەغدا لەناو ئەنجوومەنی نوێنەران پێیان خۆش نیە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە ببن، هەموو هەوڵێكیش دەدەن كە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تێك بدەن، ئەوە لەناو كوتلە كوردستانییەكانیش هەیە و كاریش بۆ دەكەن، بەڵام دەرفەتێكی نوێ بۆ بەغدا هاتۆتە پێشەوە كە بتوانێت ئەو بێ باوەڕبوونەی 100 ساڵە كورد بە مەركەز نیە دروست بكاتەوە و پەیوەندییەكان ئاسایی بكاتەوە و كێشەكان چارە بكات و كورد ببێتە بەشێك لەو عێراقە، ئەگەر ئەو دەرفەتە لە دەست ئەوانیش چوو، با گلەیی لە كورد نەكەن. دەشڵێ، سەرەڕای ئەو ستەم و زۆردارییەی كە لە كوردستان دەكرێت، كوردستان زۆر پێشكەوتووترە لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق رووی جوانی عێراق بە كوردستان دەناسرێت كە پیشانی دەرەوە بدات.
جانۆ دەڵێ:" هەوڵەكان بەردەوامن كە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا بەشێوەیەك گۆڕانكاری بەسەردا بێت، كە جیاواز بێت لە سەردەمی مالیكی و عەبادی، چونكە رەفتارەكانی عادل عەبدولمەهدی زۆر جیاوازن لەگەڵ ئەو دوو كەسە، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت رەفتاری بەغدا لەگەڵ هەولێر تەنیا بە گۆڕینی سەرۆكوەزیرانێك ناگۆڕێت، كێشە و ئالۆزی یەكجار قوڵ لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، چەندین دۆسیەی هەڵاوێستی لە نێوان هەردوولادا هەن، ئەگەر كارێكی جددی لە هەموو لایەكەوە لەسەر ئەوە نەكرێت بەدیتنی من هەبوونی عادل عەبدولمەهدی لە ئەنجوومەنی وەزیران بە تەنیا بەشی ئەوە ناكات كە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاسایی ببنەوە، هاوكار دەبێت دەتوانێت زۆر هەنگاو بنێت بەس باوەڕناكەم ئێمە بگەینە قۆناغێك كە كێشە و گیروگرفتەكان سفر بكەینەوە، چونكە ئێستاش هەندێك لایەن لە بەغدا لەناو ئەنجوومەنی نوێنەران پێیان خۆش نیە ئەو هەنگاوە بنرێن و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە ببن، هەموو هەوڵێكیش دەدەن كە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تێك بدەن، ئەوە لەناو كوتلە كوردستانییەكانیش هەیە و كاریش بۆ ئەوە دەكەن.
دەشڵێ:" پاش ریفراندۆم هەموو دامودەزگاكانی بەغدا دژی هەرێمی كوردستان وەستانەوە، پەرلەمان، ئەنجوومەنی وەزیران، هەتا سەرۆكایەتی كۆمار، هەموو دەزگا لەبەرامبەر هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی توند ڕەفتاریان كرد، ئێستاش دەبێت هەموو ئەو دەزگانە ئەو رەفتارەی جاران بگۆڕن و بەشێوەیەك ڕەفتار بكەن، كە ئێمە بتوانین ئەو پەیوەندیە ئاسایی بكەینەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد:" دەرفەتێكی نوێ بۆ بەغدا هاتۆتە پێش، كە بتوانێت ئەو بێ باوەڕبوونەی 100 ساڵە كورد بە مەركەز نیە دروست بكاتەوە، 100 ساڵە كورد دەست بۆ بەغدا درێژ دەكات، بەڵام ئەوان بە پێچەوانەوە 100 ساڵە كورد ئەنفال و كیمیاباران  دەكەن، دەربەردەر و شەهید دەكەن، 100 ساڵە كورد دەیەوێت ببێتە بەشێك لەو عێراقە هیچ دەسەڵاتێكی عێراق كوردی نەكردۆتە بەشێك لەو عێراقە، بۆیە دەرفەتێكی نوێ بۆ بەغدا دروست بووە، كە پەیوەندییەكان ئاسایی بكاتەوە و كێشەكان چارە بكات و كورد ببێتە بەشێك لەو عێراقە، ئەگەر ئەو دەرفەتە لە دەست ئەوانیش چوو، با گلەیی لە كورد نەكەن.
ئەوەشی دركاند، ئێمە كێشەی جوگرافیای كوردستانمان هەیە، كێشەی دەسەڵاتمان هەیە، لەگەڵ بەغدا كێشەمان لەگەڵ مامەڵە كردن لەگەڵ ناوی كورد و كوردستان هەیە، ئێستاش كورد بە هاووڵاتی دەرەجە دوو هەژمار دەكرێت، باشترین بەڵگەش ئەوەیە كە 5 ساڵە پارەی جووتیارانی كوردستان نەدراوە، سەرەڕای ئەو ستەم و زۆردارییەی لە كوردستان دەكەن، كوردستان زۆر پێشكەوتووترە لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق، بەس دەڵێم ئەگەر ئەوەی لەگەڵ ئێمە دەكرێت، ئەگەر لەگەڵ ئێمە نەكرابایە كوردستان لە قۆناغێكی دیكەدا دەبوو.
ئاشكراشی كرد:" شتێك نییە بەناوی تاكە چارەسەر، ئەوە داری موسا نیە لە زەوی بدات و هەموو شتێك چارە بێت، بەڵام تێگەیشتنی بەغدا بۆ خواست و ویستی كوردان، مامەڵە كردن لەگەڵ كورد وەكو دەرەجە یەك، رێزگرتن لە كوردستان وەكو جوانترین كیان، ئێستا رووی جوانی عێراق بە كوردستان دەناسرێت، ئەگەر كوردستان نەبێت عێراق هیچ رووێكی جوانی نابێت كە پیشانی دەرەوە بدات، لەرووی ئابووری، سەربازی، سیاسیی و ئەمنییەوە، ئەگەر رێز لە هەرێمی كوردستان نەگرن و خواست و ویستی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو نەگیرن، هیچ چارەیەكی دیكە نابێت.
باسی لەوەشكرد:" بۆ چارەكردنی كێشەكان، هەر كاتێك نیەتێكی راستەقینە هەبێت، ئەگەر وڵاتانی ناوچەكە دەست لە كاروباری ناوخۆی عێراق وەرنەدەن، بەڵێ ئەو كاتە كێشەكان چارە دەبن، لەگەڵ ئەوەی بە جێبەجێ كردنی دەستوور تەواوی كێشەكان چارە دەبن، بەڵام عێراق نایەوێت دەستوور جێبەجێ بكات، ئەوەش لەبەر ئەوەیە چونكە هەندێك مافی سەرەتایی گەلی كوردستان لەو دەستوورەدانە، پەشیمان بوونەتەوە لەوەی كە ئەو دەستوورەیان نووسیوە.
گوتیشی:" ئەگەر نیەتی چارەكردنی كێشەكان هەبێت، نەك بە هاتن و چوونی وەفدێك چارە دەبن، بەڵكو بە كەسێك چارە دەبن، هیچ وەفدێك پێناوێت، یەك كەس دەتوانێت كێشەكان چارە بكات، ئەگەر نیەتی چارەسەركردنیش نەبێت هەموو حكوومەتی عێراق بێتە هەرێم و هەموو هەرێم بچێتە بەغدا چارە نابن.
روونیشیكردەوە:" معادلەی بەغدا، معادەلەیەكی سیاسییە، لە خولی سێیەم كە ئێمە پەرلەمانتار بووین لە بەغدا، رەوشی سیاسیی، سەربازی و ئەمنی بەغدا تێكچوو، دژی فراكسیۆنە كوردستانییەكان وەستانەوە، بەتایبەتی فراكسیۆنی پارتی، پاش ریفراندۆم حوكمی لە سێدارەدان بۆ هەندێك لە پەرلەمانتاران دەرچوو، ئێستا رەوشەكە جیاوازە، دەرفەت هەیە كە نوێنەرانی كورد لە بەغدا بە ئەركی خۆیان هەستن، بە دیتنی من پێش ئەوەی كاری سیاسی بكەن، دەبێت كاری خزمەتگوزاری بكەن، پارەی جووتیارانە، داودەرمانە، زەماڵەی خوێندنە، بۆیە دەبێت كاری خزمەتگوزاری بكەن، پێش ئەوەی كاری سیاسیی بكەن، چونكە كاری سیاسی تەنیا بە پەرلەمانتاران چارە نابێت، ئەگەر سەركردایەتی سیاسی لەناو كاری سیاسی دا نەبن، لەگەڵ ئەوەی چارەكردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبەرژەوەندی عێراقدایە، چونكە بەو كێشانەی كە هەن لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەتوانێت كێشە ناوخۆییەكان چارە بكات".