Share on facebook
ئەو شووتییانەی لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێن دەبنە هۆی شێرپەنجە
هەینی, 10 ئایار 2019 08:16


بە پێی ئەو راپۆڕتە هەواڵەی كە لە ماڵپەڕی ( وشە) بڵاو كراوەتەوە و بۆچوونی لایەنی تەندروستی و شارەزایەكی بواری كشتو كاڵی وەرگیراوە، ئەو شووتیانەی لە ئێران دێن بەهۆی ئەو دەرزییەی لێیان دەدرێت مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی هەیە.
شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەڕی (وشە)ی ڕاگەیاندووە" ئەو شووتییەی كە ئێران هەناردەی هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی( هەندێكیشی رەوانەی هەولێر و سۆران) دەكات، لە ڕێی لیژنەكانی كوالێتی سەرجەمیان پشكنینیان بۆ دەكرێت، چونكە شووتییەكانی ئێران بەشێكیان كە دەینێرێت مەترسیدارن و بەكارهێنانیان باش نییە، بۆیە لە هەر سنوورێكەوە كە شووتی هاوردە بكرێت، بەبێ پكشنین دەرناچێت".
ئەوەشی گوت، "ناكرێ هەر بڵێین ئێران هۆكارە لە ناردن و بڵاوكردنەوەی ئەو شووتییانە، دەكرێ بازرگانەكانی خۆشمان هۆكارێكی هێنانی ئەو شووتییە بن، دەبێت هەمووان ئەوەش بزانن كاتێك ئێران شووتیە خراپەكە دەنێرێت، ئەی بۆ بازرگانەكانی خۆمان دەیكڕن یان هاوردەی دەكەن، خۆ ئێران بە زۆر پێیان نافرۆشێت."

بەگوتەی ئەم بەڕێوەبەرەی كشتوكاڵ " ئێران دەرزی هۆرمۆنی زۆر لە شووتییەكان دەدات، ئەو دەرزییەش زۆر بەكارهێنانی مەترسیدارە، هەندێك لە شووتییەكانیش بەهۆی بۆگەنی لەناو دەبرێن. هۆرمۆنەكە زۆر مەترسیدارە و وا لە شووتییەكە دەكات زوو پێ بگات و ناوەكەی سوور و جوانە و دواتر ناوەكەی شەق شەق دەبێت، هەر كەس بیخوات زیانی تەندروستی هەیە، دەتوانین بڵێین ئەو شووتییانەی كە ئێران هۆرمۆنیان لێ دەدات و دەینێرێت، ساختەن".
ڕێباز مەعرووف ئەندازیاری بواری كشتوكاڵ ڕاگەیاند " ئەو شووتییەی كە ئێران دەینێرێت، هەندێكی بە زەبری كیمیایی پێدەگەیەنرێن، بۆ نموونە ئەو مادە كیمیاییە لە یاسای كشتوكاڵدا دیاری كراوە كە سێ كیلۆ بۆ یەك دۆنم شووتی بەكار بهێنرێت، بەڵام ئێران هەڵدەستێت بۆ یەك دۆنم هەشت كیلۆ مادەی كیمیایی بەكار دەهێنێت تا شووتییەكە زووتر پێ بگات و هەناردەی دەرەوەی بكات، ئەوەش وادەكات شووتییەكە بێتام بێت و بەخێرایی پێ بگات".
یەكێك لە مەترسییەكانی تر كە ئێران زۆر لە شووتیدا بەكاری دەهێنێت، ئەو هۆرمۆنەیە، بەپێی یاسا كشتوكاڵییەكان دەبێت ئەو هۆرمۆنە بەڕێژەی سفر و پۆینت یەك بەكار بهێنرێت، بەڵام وەك ئەندازیارەكە باسی كرد، ئێران هەڵدەستێت بۆ خێرا پێگەیاندن و گەورەكردن و سووركردنی شووتییەكانی، بە ڕێژەی 15% ئەو هۆرمۆنە دەخاتە ناو شووتییەكانەوە. ئەو هۆرمۆنە لە ناو شووتییەكان دەمێنێتەوە و بەهۆیەوە نەخۆشیی شێرپەنجە بڵاو دەكاتەوە، هەندێك جار ئێران جۆرە دەرزییەك بەكار دەهێنێت كە نازانرێ چییە، لەو كاتەی شووتییەكە بە قەدەكەوەیە، لێی دەدەن و شووتییەكە سوور دەبێت، یان هەندێك سپرا بەكار دەهێنن بۆ سووربوونی شووتییەكە".

كاسترۆ مەعرووف سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە(وشە)ی گووتووە " ئێران تەواوی بەرهەمەكانی كە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی دەكات، مادەی خراپ و مەترسیداریان تێدا بەكار دەهێنێت كە مەترسیدارە بۆ سەر تەندروستی هاووڵاتییان".
ئەوەشی گووتووە" ئێران جۆرە مادەیەك لە خۆراك و میوەكان بەكار دەهێنێت كە سەرجەمیان خراپن، بەڵام تا ئێستەش ئەو جۆرە ئامێرانە كە ئەو مادانە لە كوالێتی ئاشكرا دەكەن، لە مەرزەكان نییە و دابین نەكراوە، لە كاتێكدا ئەو كۆمپانیایانەی كە لە مەرزەكەن و كاری كوالێتی دەكەن، بەشێكی زۆر داهاتەكە بۆ خۆیان دەبەن و ئەو ئامێرانەشیان نییە".
كاسترۆ بە پێویستی دەزانێ بۆ ڕێگریكردن لەو خۆراكەی ئێران دەینێرێت، سەرەتا حكوومەت و دواتر لایەنە پێوەندیدارەكان ڕێكاری توند لە مەرزەكان بگرنەبەر بۆ ئەوەی چیتر ئێران بەو جۆرە بە ویستی خۆی كام خۆراك خراپ بوو ڕەوانەی هەرێمی نەكات".