Share on facebook
رواندز هۆلیۆدی كوردستانە
شەممە, 04 ئاب 2012 20:25

نیاز عەلی

زۆرێك لە هونەرمەند ‌و سینەماكاران، پێیانواییە رواندز ‌و ناوچەكانی دەوروبەری شوێنێكی ئێجگار لەبارن بۆ بەرهەمهێنانی سینەما، ئەو تایبەتمەندییانە كامانەن، كە بەهۆیەوە رواندز ببێتە شوێنێكی گونجاوی كاری سینەمكاران؟ ئیستاتیكای رواندز چەندە لە خزمەتی بەرهەمی سینەمای دایە؟

بە مانایەكی تر تاچەند ئەو ئیستاتیكایە خزمەت بە بەرهەمهێنانی سینەما دەكات لە كوردستان؟ (شەهرام عەلیدی) سینەماكار لە رێوڕەسمی وێنەگرتنی فیلمی سرتە لەگەڵ بادا، كە

لە بارەی ئەنفال ‌و جینۆسایدی كوردان بەرهەمیی هێنا، داوای لە سەرۆكی حكومەت ‌و وەزارەتی رۆشنبیری كرد، هۆڵێكی تایبەت هەم بۆ سینەما‌و هەم بۆ مۆسیقا‌و شانۆ لە شاری رواندز وەك مەڵبەندێكی گرنگی هونەری كوردستان بكەنەوە. ئەو دەرهێنەرە هەموو ناوچەكانی كوردستان گەڕاوە‌و شوێنەكانی بەسەر كردۆتەوە، بۆیە پێیواییە، كوردستان هەم وەك جوگرافیا‌و ئاو و هەوا، هەم وەك مرۆڤەكانی تایبەتمەندی خۆی هەیە، پاكی شوێنەكانی، بەردو دار‌و شاخ‌و دۆڵ‌و كانیاوەكانی، جوانییەكی ئێجگار زۆری بەخشیوەتە سروشتی كوردستان. ئەو سادەیی‌و بەخشندەییەی خەڵكەكەی پێدەناسرێتەوە، ئەو كولتوور‌و فەرهەنگەی هەڵگریانن، هەموو ئەم تایبەتمەندیانەش لە شاری رواندزدا رەنگی داوەتەوە. بۆیە وایبینی رواندز ناوچەیەكی هەرە گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی سینەما ‌و گوتی"تایبەتمەندییەكی تر، كە بۆ هەندێ‌ كاری سینەمایی پێویستە، بریتییە لە بوونی دەڤەری خەیاڵ ئامێز، ئەمەش لە رواندز‌و دەوروبەریدا زۆر بەرچاوە".

ئەو دەرهێنەرە، ئاماژەی بە شتێكی تر دا، كە لە رواندز دا جێگای سەرسوڕمانی ئەوە، ئەمیش خەڵكی ناوچەكەیە‌و گوتی" هەندێ‌ جار وا هەست دەكەم هونەر كولتوورێكی زۆر كۆنی هەیە لەنێو خەڵكی رواندز، بۆیە بڕوام بەوە هێناوە، هەموو خێزانێك لێرە هونەرمەندێكی تێدایە، بۆ نموونە لەكاتی وێنەگرتنی فیلمەكەمدا، هەموو خەڵكەكەی بە پیر‌و گەنج‌و ژن‌و پیاو ‌و منداڵەوە بەشداربوون، هەتا رۆژێكیان نەچوون بۆ نوێژی بەكۆمەڵ، تەنها لەبەر ئەوەی لە لایانەوە گرنگ بوو بەشداری ئەم فیلمە بكەن، بۆیە هەر لە شوێنی گرتەی فیلمەكە نوێژی خۆیان ئەنجامدا".

(سەربەست رەسوڵ) ی دەرهێنەریش لە دیمانەیەك بۆ كۆوار سەرسامی خۆی بە سروشتی رواندز دەربڕی ‌و پێیوابوو، یەكێكە لەو شوێنانەی زۆر گونجاوە بۆ كاری سینەمایی ‌و بەرهەمهێنانی فیلم. ئەو دەرهێنەرە، رواندزی بەشارێك كە جوانییەكی كولتووری هەییە بینی ‌و وەك توحفەیەك ناوی برد ‌و گوتی" ژینگەی كوردستان زۆر لەبارە بۆ سینەما، شوێنێكی وەكو رواندز وەكو هۆلیۆد واییە‌و بگرە گرنگتریشە، دڵنیابە كوردستان‌و خەڵكەكەشی ئامادەیی باشیان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی سینەمایی، سروشتی كوردستان ئەوەندە لەبارە هەموو شوێنێكی وەكو ستۆدیۆ وایە".

(شێرزاد حەسەن)ی چیڕۆكنووس، وایبینی، كوردستان خاوەنی دۆڵ‌و شاخ ‌و سەوزایی ‌و دیمەنی سەرنجڕاكێشە، بەڵام مەرج نییە بەكەڵكی فیلم بێت‌و گوتی" راستە رواندز خەرەندی هەیە، كە لە هیچ شوێنێكی تری كوردستان شتی وانییە، بۆیە جیاوازییەكی هەیە لەگەڵ ناوچەكانی تر، بەڵام خۆ ناكرێت شوێن دروست بكەی بۆ فیلم، بەڵكو بۆ هەر فیلمێك كە دروست دەبێت، پێویستە بنەما چیڕۆكیەكەی بگونجێت لەگەڵ سروشتی شوێنەكە، بۆیە دەبێت بابەتی فیلمەكە بگونجێت ‌و پەیوەندی هەبێت بە شوێنی هەڵبژێردراو، چونكە ئەگەر رەگەزێك لە رەگەزەكانی فیلم شوێن ‌و كات ‌و روداو‌و پاڵەوان ‌و گرێیەك بێت، یەكێك لە رەگەزەكان، كە شوێنە دەبێت بگونجێت لەگەڵ چیڕۆكەكە".

ئەو نووسەرە، باسی لە (رۆمانی تەمی سەر خەرەند) كرد وەك یەكێك لەو فیلمانەی بڕیار وایە لە خەرەندی رواندز وێنەی بگیرێت ‌و گوتی" لە ساڵی 2005 بەڵێننامەیەك واژۆ كراوە لەنێوان دەرهێنەر‌و وەزارەتی رۆشنبیری، بەڵام دوای یەكگرتنەوەی هەردوو وەزارەت، فیلمەكە رووبەڕووی هەندێ‌ كێشەی دارایی و یاسایی بووەوە، تاكو ئێستاش نەتوانراوە ئەو كێشانە یەك لا بكرێنەوە. ئەو فیلمە، كە دەقی سەرخەرەند چیڕۆكەكەیەتی، باكگراوەند‌و ژینگەی دەقەكە پەیوەستە بە ژینگەی رواندز‌و خەرەندی رواندز‌و دونیابینی منە لە خەرەند. بۆ ئەو فیلمە ئێستا پارەكە ئامادەیە‌و رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانیشی هەیە، كەچی لە رووی تەكنیكی ‌و یاساییەوە رێگەمان نادەن دەست بكەین بە بەرهەمهێنانی، لێشتان ناشارمەوە لە ناوەندی سینەما‌و شانۆی كوردیدا پیلانگێڕی هەیە ‌و هەندێ‌ كەس هەیە حەز ناكەن ئەو كارە بكرێت، بەهۆی كۆمەڵێك هۆكاری كەسی ‌و كێبڕكێ ‌و رقەبەریەتی".

(زوهێر عەبدولمەسیح _ دەرهێنەر) گەڕایەوە بۆ یەكەم كاری فیلمسازی لە كوردستان دوای راپەڕین، هەروەك ئەو باسی كرد، فیلمێكە تیپی دیانا ئەنجامی داوە بەناوی (بەرەو رزگاری)، لەم فیلمەدا وەك دەرهێنەر‌و چەندین كاری تر وەك تۆماركردنی چەند گۆرانییەك بۆ جوان حاجۆ، شارەزایی تەواوی لە ناوچەی رواندز ‌و سۆران ‌و دەوروبەری هەیە‌و وایبینی، ئەو ناوچانە زۆر جوان‌و سەرنج راكێشن، بۆیە بەلای ئەوەوە، پێشنیازی ئەوەی كە دەڤەری رواندز ببێتە مەڵبەندی بەرهەمهێنانی سینەما، پێشنیازێكی زۆر گونجاو ‌و جوانەو  گوتی" من خۆم خەریكم ستۆدیۆیەكی سینەمایی بكەمەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە شارەوانی ‌و پارێزگا مۆڵەتم وەرگرتووە، خوازیارم بتوانم لەوێ‌ ئەو ستۆدیۆیە دابنێم، چونكە لۆكێیشنی ئەو ناوچانە زۆر لەبارن‌و هەرچۆنێك بخوازی، دەتوانیت كاری گرتە‌و بەرهەی سینەمایی تیادا ئەنجام بدەی".

ئەو هونەرمەندە سەرسامی خۆی بۆ جوانی ناوچەكە دەربڕی ‌و ئاماژەی دا بەوەی، ناوچەكە زۆر جوانە چ لە ناو رواندز چ لە خەرەندی رواندز یا لە شاخەكانی دەوروبەری یاخود لە رێگای چۆمان ‌و گوندەكانی‌و گوتی" ئەو ناوچانە زۆر گونجاون بۆ بەرهەمهێنانی هەموو ئەو پرسانەی كورد دەیەوێت بیانكات بە فیلم، چونكە بنەماكانی بەرهەمهێنانی سینەما ‌و كاری سینەمای تێدایە، بۆ نموونە شاخ ‌و دارستان‌و دار ‌و درەخت ‌و سەوزایی ‌و دەشت ‌و دۆڵ ‌و رووبار‌و ئاو و هەواو بەفرو باران ‌و دەركەوتنی هەرچوار وەرزی ساڵ بە ئاشكرا، بریتین لە گرنگترین ئەو بنەمایانەی پێویستە هەبن لەو شوێنەی دەبێتە مەڵبەندی سینەما ‌و بەرهەمهێنانی. بۆیە لەرووی جوگرافییەوە باشترین شوێن لە كوردستان بۆ سینەما ناوچەی رواندزە".

(سەربەست ڕەزا) ی سینەماكار، بەهۆی كاری سینەماوە، چەندین دەڤەری جۆربەجۆری كوردستانی بینیوە، بۆیەشە پێیوایە زۆرن ئەو ناوچانەی لەبارن بۆ بەرهەمهێنانی سینەما. ئەو ئاماژەی دا بەوەی لە هەر پڕۆژەیەكدا شوێنێك بەپێ داستانی فیلمەكە دەستنیشان ئەكرێت ‌و دەبێتە لۆكەیشنی فیلم، ناوچەی ڕواندزیشی بە دەڤەرێگی گرنگی بەرهەمهێنانی سینەما بینی ‌و گوتی" ناوچەی رواندز یەكێكە لەو ناچانەی خۆم لێی بەئاگابم، كارێكی زۆری تیادا كراوەو بەردەوامیش بەكار ئەهێنرێت لە بوارە جیاجیاكانی هونەری وەك فیلمە سینەماییەكان و ڤیدیۆ كلیپ و تیلی فیلم و فیلمی دیكۆمێنتاری، تەنانەت لە پڕۆژەیەكی سینەماییدا، كە ستافێكی بیانیمان لەگەڵدا بوو، لە بارەی رواندز، دەیانگوت"ستۆدیۆیەكی گەورەی سینمایی ئامادەیە بۆ وێنەگرتن".

هەروەك ئەو سینەماكارە. ئاماژەی پێدا، لە ڕووی فۆڕمەوە، بەرزو نزمی ناوچەكە لەچەند لایەكی یەك بەدوای یەكەوە، وای كردووە تایبەتمەندییەكی باش بدات بەدەستەوە لە رووی كاربەندی وێنای سینەماییەوە، بەتایبەتی لە وەرزەكانی (پایز و زستان)دا ‌و گوتی" ئەمەش وای كردووە داستان و كامێرامانی خودی فیلمەكە لە خزمەتی دەرهێنەردا خۆیان ببینەوە، بەجۆرێك ئەگەر بێت و پێش وەختە خودی ئەو سیناریۆیە پلان بە پلان وێنە نەكێشرابێت، دەرهێنەر لەو ناوچەیەدا تووشی راڕایی دەبێت لە هەڵبژاردنی وێنەی جوان بۆ فیلمەكەی". بۆیە ئەو هونەرمەندەی سینەما، پێیوابوو، رواندز زۆر شیاو و یارمەتیدەرە بە پلەی یەكەم بۆ بەرهەم هێنانی ( فیلمی art ) و كاری ( پیفمەنس ) واتا هونەری ئەدا ‌و پڕۆژە هونەرییەكانی دیكە.

_بۆ گۆڤاری كۆوار ئامادەكراوە.