Share on facebook
بەم نێزیكانە پێشنیازی یەكخستنی مووچەی فەرمانبەران دەگا
پێنج شەممە, 30 ئاب 2012 18:39


ZKW: لێژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەم ئاشكرای كرد كە بەم نێزیكانە پڕۆژەیاسای پێشنیازكراوی بۆ یەكخستنی پلەبەندیی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتی پێ دەگا كە لەلایەن حكوومەتەوە ئامادە كراوە.
ئەمین هادی ئەندامی لێژنەكە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، لێژنەكە لە رێگەی وتوێژكردنەوەی ئەوەی بۆ دەركەوتووە كە لێژنەی سەر بەحكوومەت كە بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەكە راسپێردراوە كارەكانی بەكۆتا هێناوە و ئاماژەی كرد، بەپێی یاسا پڕۆژە پێشنیازكراوەكە دەچێتە ئەنجوومەنی وەزیران و دواتر بۆ ئەنجوومەنی شورای دەوڵەت.
زیاتر گوتی، ئەنجوومەنی شورا پڕۆژەكە رەوانەی پەرلەمان دەكا بۆ تاوتوێكردنی لەلایەن لێژنەی دارایییەوە و پێشنیازی گەیشتنی یاساكەی بەم نێزیكانە بۆ ئەنجوومەنەكە كرد.
پەرلەمانی عێراق لە 2008 بڕیاری لەسەر پلەبەندییەكی نوێی بۆ مووچەی فەرمانبەران دا كە مووچەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی نەگرتەوە، بەشێوەیەك جیاوازی گەورە لە نێوان مووچەی فەرمانبەرانی هەندێ لە وەزارەتەكاندا هەبوو.
- لە (ئاكانیوز) وەرگیراوە.