Share on facebook
عێراق: هیچ بڕیارێك نییە بۆ پێدانی پارەی كۆمپانیاكانی نەوتی هەرێم
یەک شەممە, 02 ئەیلول 2012 13:56

ZKW: دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان بەنیازی دابینكردنی پارەی كۆمپانیاكان لەلایەن عێراقەوە هەناردەی نەوتی دەست پێ كردەوە، وەزارەتی دارایی عێراق ئاشكرای دەكا كە هیچ بڕیارێكی رەسمی نییە بۆ دابینكردنی پارەی كۆمپانیای نەوت كە لە هەرێم كار دەكەن.

هەرێمی كوردستان دووجار هەناردەی نەوتی بۆ دەرەوە راگرتووە و دەستی پێ كردووەتەوە بەمەبەستی دابینكردنی پارەی كاركردنی ئەو كۆمپانیا بیانیانەی لە هەرێم نەوت دەردەهێنن، دواجاریش لە 1ی ئابی رابردوو دوای تەنگژەیەكی قوڵ هەناردەی كردەوە بەڵام بەشێوەی كاتی تا هەڵوێستی عێراق روون دەبێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم فازڵ نەبی بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق بە ئاژانسی (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، تا ئێستە هیچ پێشوەچوونێك لەئارادا نییە لە هەڵوێستی حكوومەتی عێراق لەبارەی پێدانی پارەی كۆمپانیاكانی بواری نەوت كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن.

نەبی وردەكاری زیاتر خستە ڕوو لەو بارەیەوە و گوتی، تا ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەزارەتی دارایی ڕانەسپاردووە و هیچ نووسراوێكی رەسمیشی ئاراستە نەكردووین لەبارەی دابینكردنی پارەی كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوت لە هەرێم، بۆیە تەنانەت نازانین ڕێژەی پارەی كۆمپانیاكانی نەوت كە لە هەرێم كار دەكەن چەندە.

پێشووتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند بوو كە دواین دەرفەت بۆ حكوومەتی عێراق یەكی ئەیلول/سێپتێمبەرە بۆ ئەوەی پارەی كۆمپانیاكانی نەوت كە لە هەرێم لە بواری نەوتدا كار دەكەن، بدات.

ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوێنێ بە (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند كە لە گفتوگۆی بەردەوامدان لەگەڵ حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەی پارەی كۆمپانیاكانی نەوت دابین بكرێ و هەرێم بەردەوام بێت لە هەناردەكردنی نەوت بۆ دەرەوە و ڕێژەكەشی زیاتر بكا.

هەورامی گوتی، بڕیار بوو ئەمڕۆ دواین ڕۆژ بێت كە حكوومەتی هەرێم نەوت هەناردەی دەرەوە بكا ئەگەر بەغدا پارەی كۆمپانیاكانی نەوت نەدا، بەڵام بەهۆی پشووەكانی جەژن و بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بدرێت بەهەموو لایەنەكان بۆ گفتوگۆ، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا تا 15ی ئەیلوزول/سێپتێمبەر ماوەی هەناردەكردنی نەوت هەرێم درێژ بكاتەوە، ئەوكات ئەگەر پارەی كۆمپانیاكان نەدرا بڕیاری خۆمان دەدەین.

نەوت و غاز بەهۆی نەبوونی یاسا لە عێراق، بووەتە یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بە تایبەت دوای ئەوەیە لە 1 حوزەیران/یۆنیۆی 2009وە هەرێمەكە بە رەسمی نەوتی هەناردە كرد.
لە (ئاكانیوز) وەرگیراوە.