Share on facebook
شاندێكی بازرگانی و خاوەن كۆمپانیاكانی بەریتانیا گەیشتە هەرێمی كوردستان
یەک شەممە, 02 ئەیلول 2012 14:11

ZKW: راوێژكارێكی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئەمڕۆ یەكشەم شاندێكی بازرگانی و خاوەن كۆمپانیا گەورەكانی بەریتانیا بەسەردانێكی رەسمی گەیشتنە هەرێمی كوردستان و سبەی دووشەم كۆبوونەوەی پەرەپێدانی بازرگانی نێوان كوردستان و بەریتانیا لە شاری هەولێر دەست پێ دەكا.

فەتحی محەمەد بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەمڕۆ شاندێكی بازرگانی و خاوەن كۆمپانیاكانی بەریتانیا بەسەردانێكی رەسمی لە رێگەی باڵەفڕگەی ناودەوڵەتیی هەولێرەوە گەیشتە كوردستان.

زیاتر گوتی، شاندەكە لەلایەن وەزارەتی بارزگانی و وەبەرهێنانی بەریتانیاوە پاڵپشتی هاتنیان بۆ كوردستان لێ كراوە كە لە 20 بازرگان و خاوەن كۆمپانیای بەریتانیایی پێك هاتووە.

محەمەد رای گەیاند، ئامانجی سەردانەكە بۆ دۆزینەوەی هەلی كارە لە كوردستان لە بواری ژێرخانی ئابووری، بازرگانی، رێگەوبان، پرد و چەند بوارێكی تر ئەزموونی كاركردنیان هەیە.

لای خۆیەوە دارا جەلیل خەیات سەرۆكی یەكەتیی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان بۆ (ئاكانیوز) گوتی، شاندەكە ئەمڕۆ دەست بە چالاكی و دیدار و كۆبوونەوە رەسمییەكانی دەكا بە تایبەتیش لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن و ژووری بارزگانیی هەرێمی كوردستان.

زیاتر گوتی "ئێوارەی سبەی دووشەم لە سەنتەری رۆشنبیریی یەكەتیی ژووری بارزگانی و پیشەسازیی هەرێم كۆبوونەوەی فرەوان بە بەشداری شاندەكە و گەورە بارزگان و وەبەرهێنەر و خاوەن كۆمپانیاكانی خۆماڵی بۆ پتەوكردن و بەرەوپێشبردنی پێوەندییە بازرگانییەكانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێ.