Share on facebook
داراییی عێراق: لە 2013 سفرەكانی سەردراو لانابرێ
یەک شەممە, 02 ئەیلول 2012 14:18

ZKW: بریكاری وەزارەتی داراییی عێراق رای گەیاند ناتوانرێ لە ساڵی داهاتوو 2013 سفرەكانی سەر دراوی عێراقی لاببرێ، چونكە هیچ ئامادەكارییەكی بۆ نەكراوە.

فازڵ نەبی، ئەمڕۆ یەكشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، ماوەی 4 ساڵە بانكی ناوەندی و خەڵك دەڵێن پارە دەگۆڕدرێ و سفرەكانی كەم دەكرێتەوە، بەڵام دراوەكە ناگۆڕدرێ و تا ئێستەش هیچ نەكراوە بۆ گۆڕینی.

زیاتر گوتی، كەمكردنەوەی سفرەكانی سەر دراو لە دەسەڵاتی بانكی ناوەندییە، ئێمە وەكو وەزارەتی دارایی لەگەڵ گۆڕین و كەمكردنەوەی سفرەكان نین، بەڵام بانكی ناوەندی لەگەڵ ئەوەیە سفرەكانی سەر دراو كەم بكرێتەوە.

بریكاری وەزارەتی داراییی عێراق لە درێژەدا گوتی، ئەمساڵیش ناتوانرێ سفرەكانی سەر دراوی عێراقی كەم بكرێتەوە، چونكە بودجەی ساڵی 2013مان بە پارەی ئێستەی عێراقی داناوە، بۆیە گۆڕینی پارەكە لە ساڵی 2013 ناكرێ.

ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەگەر بانكی ناوەندی نیازی گۆڕینی دراوی هەبێ دەبێ زوو بیكا بۆ ئەوەی بودجەی ساڵی 2014 بە دراوی نوێی بێ سفر دابنێین.
- لە(ئاكانیوز) وەرگیراوە.