Share on facebook
كۆمپانیاكان سیاسەتی هەرێم لە بواری نەوت و غاز بەسەركەوتوو وەسپ دەكەن
دووشەممە, 03 ئەیلول 2012 20:37

ZKW: كۆمپانیاكانی بواری نەوت و غازی دووەمین پێشانگەی ناودەوڵەتیی هەولێر رای دەگەیەنن كە بڕوایان بەسیاسەتی نەوتی هەرێم هەیە، بۆیە بەشداریی پێشانگەكەیان كردووە.

ئەمڕۆ دووشەم لە شاری هولێر پێشانگەی ناودەوڵەتیی دووەمی هەولێر تایبەت بەنەوت و غاز كرایەوە كە تا 6ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێ.

پێشانگاكە بەئامادەبوونی هەریەك لە وەزیری كشتوكاڵ و پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەك لە بەرپرسان و خاوەن كاری هەرێم و بیانی بەڕێوە چوو.

عەبدوڵا ئەحمەد سەرۆكی پێشانگەی ناودەوڵەتیی هەولێر بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەمڕۆ بەبەشداریی‌ 50 كۆمپانیا لە 14 وڵات، دووەم پێشانگەی‌ نەوت و غاز لە هەولێری پایەتەختی هەرێمی كوردستان كرایەوە، ئاماژەی دا تا كوتای ئەمساڵ ئامادەكاری‌ بۆ كردنەوەی‌ 4 پێشانگەی‌ تر لە بوارە‌ جیاجیاكاندا دەكرێ.

زیاتر گوتی، ئەو وڵاتانەی بەشدارییان لەو پێشانگەیەدا كردووە برێتین لە‌ ئەمەریكا، چین، عێراق، ئێران، توركیا، ئەڵمانیا، كەنەدا، ئیتاڵیا، نەرویج، سویسڕِا، قوبرس، چیك و رۆمانیا.

ئەحمەد گوتی، جگە لەم پێشانگەیە، هەر لەم مانگەدا پێشانگەیەكی‌ تری‌ تایبەت بە زانكۆكان دەكرێتەوە، لە‌ تشرینی‌ یەكەم/ئۆكتۆبەری داهاتوو پێشانگایەكی‌ ناودەوڵەتیی‌ گشتی و لە تشرینی‌ دووەم/نۆڤێمبەری داهاتوو پێشانگەیەك لە پێنج بواری تر هەر لە هەولێر دەكرێنەوە، هەروەها لە كۆتای ئەمساڵیشدا پێشانگەیەكی تایبەت بەبواری كشتوكاڵ و خۆراك دەكەینەوە.

سیروان جەلال نوێنەری كۆمپانیای فالكۆن گرووپی ئێرانی لە بواری رۆنی ئۆتۆمۆبێڵ بۆ (ئاكانیوز) گوتی، كۆمپانیاكەمان رۆنی ئۆتۆمۆبێل هەناردەی زیاتر لە 20 وڵاتی دنیا دەكا، ئاماژەی دا بۆ یەكەمجارە بەشداری لە پێشانگەی ناودەوڵەتیی هەولێر دەكەین و ئامانجمانە لە هەرێمی كوردستان كار بكەین و سەرمایەی خۆمان بخەینە گەڕ.

زیاتر گوتی، كۆمپانیاكەمان رۆژانە بە بەهای نێزیكەی 50 هەزار دۆلاری ئەمەریكایی رۆن هەناردەی دەرەوەی ئێران دەكا.

لای خۆیەوە فیراس موجەبەل بەڕێوەبەری پێشانگەكان لە پاڵاوگەی باكور رای گەیاند، بۆ یەكەمجارە بەشداری لە پێشانگەی ناودەوڵەتیی هەولێر دەكەین، چونكە پێمان وایە كردنەوەی ئەم پێشانگەیە شادمان دەكا بە نوێترین تەكنەلۆجیا لە بواری نەوت و غازی لە دنیادا.

زیاتر گوتی، سەرجەم پاڵاوگەكانی عێراق بە بەردەوام پێویستییان بە نوێبوونەوە و پەرەپێدان هەیە، ئەگەر كردنەوەی ئەم پێشانگەیانە نەبێ، نازانین چ جۆرە پێشكەوتنێك لە دنیادا لە بوارەكانی نەوت و غازدا هاتوونەتە كایەوە.

ئەحمەد شەهاب بەرپرسی پێوەندیی و راگەیاندنی كۆمپانیای غازی باكور بە (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەم پێشانگەیە دەرفەتێكی باشە بۆ كۆمپانیا ناوەخۆ و بیانییەكان تا هاوئاهەنگی و رێككەوتن لەنێوان یەكتر بكەن بەمەبەستی پەرەپێدان و پێشخستنی ئاستی سەرچاوە سروشتییەكانی ناوخۆ.

نیل شێفەرد بەڕێوەبەری لقی عێراقی كۆمپانیای ویدەر فۆردی كەنەدایی پێی وابوو كە سیاسەتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان سەركەوتووە، بۆیە دەیانەوێ لە ژێرخانی نەوتی هەرێمی كوردستاندا بەشداری بكەن.

زیاتر گوتی، سەرەڕای ئەوەی یەكەمجارە سەردانی هەرێم و پێشانگەی ناودەوڵەتیی هەولێر دەكەین، بەڵام لەگەڵ بەرپرسان و كۆمپانیا ناوخۆیەكانی هەرێم لە بواری نەوت و غازدا گفتوگۆ دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتوودا لە هەرێم كار بكەین.
- لە (ئاكانیوز) وەرگیراوە.