Share on facebook
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: زیاتر لە یەك ملیار دۆلارمان داوەتە حكوومەت
سێ شەممە, 04 ئەیلول 2012 18:43

ZKW: وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكا بە بڕی زیاتر لە یەك ملیار دۆلار پاڵپشتیی حكوومەتی هەرێمی كردووە بۆ چەند پڕۆژەیەك و كڕینی گازوایل و دابیكردنی نەوتی سپی و كرێی مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ دوو مانگ.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە نووسراوێكی رەسمیدا كە وێنەیەكی نێردراوە بۆ ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)، خەرجكردنی داهاتی وەزارەتەكە لە مانگی تەمووز/یۆلیۆی ساڵی 2010 بۆ مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەری 2012 روون دەكاتەوە، كە بڕەكەی زیاترە لە یەك ملیار دۆلار.

بەگوێرەی ئەو نووسراوە، 500 ملیۆن دۆلار لە بەخشینی گرێبەستەكان و بەرهەمە نەوتییەكان تەرخان كراوە بۆ پڕۆژەی پەرەپێدانی پارێزگەكان و پارەكە دراوەتە وەزارەتی دارایی، 150 ملیۆن دۆلار تەرخان كراوە بۆ پڕۆژەی پەرەپێدانی زانكۆكان و پارەكە دراوەتە حیسابی زانكۆیەكان كە خەرج دەكرێت بە رێگەی لێژنەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە.

بەپێی نووسراوەكە، لەم مانگەدا بەبڕی زیاتر لە 602 ملیار دینار كە هی داهاتە نەوتییەكانە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پاڵپشتی حكوومەتی كردووە بەم شێوەیە:

120 ملیار دیناری پارەی پترۆ دۆلار/بودجەی 2012 خەرج كراوە بەرامبەر بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بۆ پێداویستیی ناوخۆ و پارەكە دراوەتە بە وزارەتی دارایی، 210 ملیار دینار بۆ كڕینی گازوایل كە لە بودجەی 2012 كەمی بۆ تەرخان كرابوو ـ پارەكە دراوە بە وەزارەتی دارایی، 20 ملیار و 180 ملیۆن دینار بۆ دابینكردنی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان لە رێگەی هەرسێ پارێزگاكانی هەرێم بۆ هاووڵاتییان بەرامبەر مانگی 8 و9 - پارەكە تەرخان كراوە بۆ وەزارەتی دارایی، 252 ملیار و 362 ملیۆن دینار بۆ دابیكردنی یەك بەرمیل نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان بێ بەرامبەر لە رێگەی سامانە سروشتییەكانەوە.

كۆی پاڵپشتیكردنی حكوومەت لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە لە هەردوو بڕە پارەی (بەخشینی گرێبەستەكان و بەرهەمە نەوتییەكان) و (داهاتە نەوتییەكان) دەكاتە یەك ملیار و 132 ملیۆن و 34 هەزار و 823 دۆلار.

ئاماژەی بەوەش داوە كە وەزارەت ناوەناوە ئەو زانیارییانە لەسەر داهاتە نەوتییەكان بڵاو دەكاتەوە.

لە كۆتای نووسراوەكەشدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رای گەیاندووە كە بەم زوانە لیستێكی تر ئامادە دەكرێ بۆ گوژمەی گازی سروشتی و گازوایل و نەوتی رەش كە لە كێڵگە و پاڵاوتگەكان دابین دەكرێت بۆ وێستگەكانی كارەبای هەرێم.

- لە (ئاكانیوز) وەرگیراوە.